تاران وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپیده‌


ئێران وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌داته‌وه‌ و واشنتنیش ئاشكرای ده‌كات، وه‌ڵامه‌كه‌ی تاران بنیاتنه‌ر نییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و "رێككه‌وتنه‌ مێژووییه‌ی" پێشتر واژۆكرابوو.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی رێكخه‌ری یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ دانوستانه‌كان‌، وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی واشنتنی داوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 2015 سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی.

ناسڕ كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌ رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، وه‌ڵامی خۆمان له‌ رێگه‌ی جۆزێپ بۆرێل، رێكخه‌ری دانوستانه‌كانی نێوان تاران و رۆژئاوا گه‌یاندووه‌ته‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر، به‌ ئامانجی كۆتاییهێنان به‌ دانوستانه‌كان و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، به‌بێ ئه‌وه‌ی وورده‌كاری زیاتر ئاشكرابكات.

له‌به‌رامبه‌ردا، فیدانت باتیڵ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، جه‌ختی له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاران له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانیان كرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، وه‌ڵامه‌كه‌ی تاران بنیاتنه‌رنین بۆ رێككه‌وتن، به‌ڵام تاوتوێی ده‌كه‌ین و له‌ رێگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌.