ئه‌مریكا به‌ بڕی 1.1 ملیار دۆلار كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ده‌داته‌ تایوان

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به‌ تایوان به‌ بڕی 1.1 ملیار دۆلار، كه‌ 60 موشه‌كی دژه‌ كه‌شتی و 100 موشه‌كی دژه‌ فڕۆكه‌یه‌ ئه‌وه‌ش توڕه‌یی چینی لێكه‌وته‌وه‌.

تۆڕی هه‌واڵی BBC بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌م پاكێجه‌ى فرۆشتنى چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌ تایوان دوای ئه‌و مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌ به‌رفراوانه‌كانی چین هات كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری تایوان ئه‌نجامیدا، كه‌ وه‌ك وه‌ڵامێك بوو بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی نانسی پێلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا كه‌ سه‌ردانی تایوان كرد و بوه‌ گه‌وره‌ترین به‌رپرسی ئه‌مریكا كه‌ له‌ ساڵانی رابردودا سه‌ردانی تایوانی كردبێت.

ئاژانسی هاریكاری ئاسایشی به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاندوه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ دابینكردنی ده‌یان موشه‌ك له‌ جۆری سایدۆنده‌ر، هارپون و پشتیوانی له‌ به‌رنامه‌ی راداری چاودێری تایوان ده‌كات، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك كه‌ بكرێته‌ سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی پشتیوانی ئیداره‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ بۆ تایوان له‌ كاتێكدا روبه‌ڕوی گوشاره‌كانی چین ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی هێزی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دورگه‌كه‌ ره‌تنه‌كردوه‌ته‌وه‌.

باڵیۆزخانه‌ی چین له‌ واشنتن داوای له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا كردوه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ له‌گه‌ڵ تایوان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ یان ڕوبه‌ڕوی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.

لیو پێنگیۆ، وته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی چین رایگه‌یاند: رێككه‌وتنه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و په‌كین به‌ توندی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌و و وتی، چین له‌ ژێر رۆشنایی په‌ره‌سه‌ندنی دۆخه‌كه‌دا رێوشوێنی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ره‌وا و پێویست ده‌گرێته‌به‌ر.