ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: بەرپرسانی هەرێم لەئاست خواست و داواكارییەكانی لاوان و گەنجاندا نین

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 3-9-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كچانی لاوی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامیی كۆبویەوەو ڕایگەیاند: ڕۆڵ و پێگەی گەنج بۆ ئایندەی ئەم میللەتە لە هەموو شتێك پێویستترەو نمونەی سەركەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەك بەندە بەتواناو لێهاتوویەكانی گەنجان و لاوان و پێویستە گەنجان گرنگی زیاتر بە كەسایەتی خۆیان بدەن لەسەرجەم بوارە جیاوازەكانی ژیانداو دەستەو وەستان نەبن لەئاست ئەو پێشكەوتنانەی كە جیهان لەبواری داهێناندا بەخۆیەوە دەیبینێت.

لەبەشێكی دیكەی ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە كچانی گەنج ڕۆڵی ئیجابی ببینن لە ناو ناوەندەكانی خوێندن و سەرجەم كەرت و بوارەكانی ژیاندا پێشەنگ بن و ئێمە بەگرنگەوە لە ڕۆڵی ئەرێنی كچان و ئافرەتان دەڕوانین و خوازیاری ئەوەین ببنە پێشەنگی نەوەیەكی داهێنەرو تەندروست بۆ گەلەكەمان.