دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، ژمارەی زیانی گیانی لەنێو سەربازانی سوپای رووسیا لە جەنگەکەی ئۆکراینادا ٤٩ هەزاری تێپەراندووە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای رووسیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا کۆی گشتی ٣٥٠ سەربازی لەدەستداوە کە زۆرینەیان لە ناوچەکانی دۆنێتسک و کریڤۆریزکی بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە ماوەی نێوان ٢٤ی شوبات بۆ ٣ی ئەیلوول، ٤٩ هەزار و ٥٠ سەربازی رووسی لە ئۆکرانیا لە چالاکی خراون و هەر لەو ماوەیەدا ٢٣٥ فڕۆکە، ٢٠٥ هێلیکۆپتەر، دوو هەزار و ٣٤ تانک، چوار هەزار و ٤٠٣ ئۆتۆمبێلی زریپۆش، هەزار و ١٣٤ تۆپهاوێژ، ٢٩٣ راجیمە و ١٥٣ سستەمی بەرگریی ئاسمانی رووسیا تێکشیندراون.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیادا، زانیاری ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە سوپای رووسیا سێ هەزار و ٢٦٨ ئۆتۆمبێل، ١٥ کەشتی و بەلەمی خێرا و ٨٦٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەدەستداوە و ئەوەش راگەیەندراوە کە ٢٠٣ مووشەکی ئاراستەکراوی رووسیا لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیاوە تێکشکێندراون.
لەو راگەیەندراوەی کە لە ٢٥ی ئادار لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاوکرابوویەوە ئاماژە بەوە کرابوو کە هەزار و ٣٥١ سەربازی رووسی لە ئۆکراینا کوژراون، لەو ماوەیەوە تا ئێستا ئاماری کوژراوەکانی سوپای رووسیا نوێ نەکراوتەوە.
هاوکات لە راگەیەندراوێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیادا، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا فڕۆکەکانی سەربە هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا زیاتر لە ٤٠ هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە فڕۆکەکان چەندین ناوەندی فەرماندەیی و کۆگای چەک و تەقەمەنیی سەربە سوپای رووسیایان خاپوور کردووە.
باس لەوەش کراوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداریی جۆری " Bayraktar TB2 "ی ئۆکراینا، دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سوپای رووسیایان تێکشکاندووە.