لە سوودان ژمارەی کوژراوانی پێکدادانی نێوان هۆزەکان گەیشتە 18 کەس

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی پێکدادانی نێوان هۆزەکان کە سەرلەنوێ سەریهەڵداوەتەوە، لە ناوچەی نیلی شین لە باشووری خۆرهەڵاتی سوودان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ١٨ کەس.

کۆمیسەری هاوکاری مرۆیی ناوچەی نیلی شین، رەمەزان یاسین حامید، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: 'لە ناوچەی کونەیسی خۆرهەڵاتی شاری روسەیریس، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هۆزەکانی هاوسا و نیلی شین پەرەی سەندەوە. لەو پێکدادانانەدا کە لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە دەستیان پێ کردووەتەوە ١٨ کەس کوژراون و، ٢٣ کەسی دیکەش برینداربوون'.

حامید باسی لەوە کرد کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە هەزاران کەس پەنایان بردووەتە بەر ناوچەکانی دامازین و وەدولماهی و، ئەو کەسانەش پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە.

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هۆزەکانی سوودان کە لە ١٥ی تەمووزدا سەریهەڵدا و دواتر کۆتایی هات، سەرلەنوێ پەرەی سەندەوە.

نووسینگەی هەماهەنگیی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاوی کردەوە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هۆزەکانەوە لە باشووری خۆرهەڵاتی سوودان، زیاتر لە ٣١ هەزار کەس ئاوارە و دەربە دەر بوون.