راوێژكاری ئه‌ڵمانیا: هیوادارم ناچار نه‌بین كاره‌با و غاز له‌سه‌ر هاوڵاتیانى ئه‌ڵمانیا ببڕین

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌یان له‌ كۆتایی ساڵی رابردوه‌وه‌ پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری غازی روسیا ببێت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌شزانن كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ واده‌كات ئه‌ڵمانیا به‌قۆناغێكی سه‌ختدا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام هیواداره‌ كه‌ ناچار نه‌بن له‌هه‌ندێك كاتدا كاره‌با و غاز له‌سه‌ر هاوڵاتیان ببڕن.

ولاف شۆڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ په‌یامێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، له‌م كاته‌دا وڵاته‌كه‌یان به‌ قۆناغی پشت به‌ستنی به‌ غازی روسی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵیداوه‌ له‌كۆگاكانی غازی ئه‌ڵمانیادا هاوكارده‌كردنی سوته‌مه‌نی له‌ مۆسكۆوه‌ رابگرێت، به‌وهۆیه‌ش ره‌نگه‌ ناچار بن به‌رزترین ئاستی به‌كارهێنانی كاره‌با له‌ماوه‌ی داهاتودا كه‌مبكه‌نه‌وه‌.

راوێژكارى ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ئێستادا ئه‌ڵمانیا به‌ قۆناغێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، هیواش ده‌خوازێت به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی ناچار نه‌بن په‌نا بۆ رێوشوێنی وه‌ك بڕینی كاره‌با و غاز ببه‌ن.

ئه‌م قسانه‌ى ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا له‌ ماتێكدا هات كه‌ كۆمپانیای گازپڕۆمی روسی رایگه‌یاند، به‌هۆی دروستبونی گرفتێك له‌ هێڵی گواستنه‌وه‌ی غازی نورد ستریم 1 كه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ غازی وڵاته‌كه‌یان بۆ ئه‌ڵمانیا هه‌نارده‌ ده‌كرێت، تا كاتێكی نادیار هه‌نارده‌كردنی غاز به‌ته‌واوه‌تی راده‌گرن، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بێت له‌كاتێكدا به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی سه‌رما خواست له‌سه‌ر وزه‌ زیاتر بوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ حه‌وت وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌كه‌ی جیهان (G7) له‌سه‌ر دیاریكردنی كه‌مترین نرخ بۆ نه‌وتی روسیا گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌ڕی ئابوری نێوان رۆژئاوا و مۆسكۆ، به‌هۆی هێرشی سه‌ربازی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا.