دیجیتاڵ میدیای سپێده
حکوومەتی جەزائیر ئەوەی راگەیاند کە بەشار ئەسەد پێی باش نییە لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا باس لە پێشنیازی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکارەکە، بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر، وەزیری دەرەوە، رامتان لمعامرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، فەیسەڵ میقداد ئەنجامداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە "گەڕانەوەی کۆماری سووریای عەرەبی بۆ کۆمکاری عەرەبی" کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە کە بەگوتەی رامتان لمعامرە "فەیسەڵ میقداد، پێی باشە لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ساز دەکرێت، باس لە پێشنیازی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی نەکرێت".
وەزیری دەرەوەی جەزائیر، بانگەشەی ئەوەشی کردوە کە "رژێمی ئەسەد، بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سەختی ناوچەکە و جیهان، ئەم هەڵوێستەی خستووەتەڕوو".
وەزیری دەرەوەی جەزائیر، رامتان لمعامرە مانگی تەمووز لە میانی سەردانێکیدا بۆ سووریا، باسی لەوە کرد کە ئامادەنەبوونی بەشار ئەسەد لە کۆمکاری عەرەبیدا، زیانی بە کارە هاوبەشەکانی وڵاتانی عەرەبی، گەیاندووە.
بڕیارە رۆژانی یەک و دووی تشرینی دووەمی داهاتوو، لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە جەزائیر ساز بکرێت.
کۆمکاری عەرەبی لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١١ەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، ئەندامێتی ئەو وڵاتەی هەڵپەساردووە.