شاندێكى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر سه‌ردانى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانى كرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

شاندێكى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تى كلادیۆ كۆرونى جێگرى نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانى كرد و له‌ لایه‌ن د.هادى عه‌لى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو و به‌ ئاماده‌بوونى هێمن ئه‌سكه‌نده‌ر به‌رپرسی ده‌زگاى هه‌ڵبژاردن و عه‌بدوڵا خۆرانى ئه‌ندامى شوراى گشتى پێشوازى لێكرا.

مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی شاندى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌رگرتنى ڕا و سه‌رنجى یه‌كگرتوو بوو له‌باره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

د.هادى عه‌لى بیروبۆچوونى یه‌كگرتووى بۆ شانده‌كه‌ خسته‌ڕوو و پێى وابوو كه‌ گفتوگۆ و ته‌وافوق گرنگه‌ بۆ ده‌رچوونى عێراق له‌م چه‌قبه‌ستووه‌ سیاسیه‌ى ئێستا تێى كه‌وتووه‌.

له‌باره‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان جه‌ختی لە كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى یاسایی خۆى به‌ڕێوه‌بچێت و باساى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌مواربكرێته‌وه‌ و كه‌ره‌نتى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد بكرێت.

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان پشتگیرى خۆى بۆ هه‌وڵه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربڕى بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.