د. بێوار خنسی: كاركردن بۆ زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی به‌رده‌وامه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری پێشووی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ گوتی، هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ لەو‌ هه‌رێمانەی كه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غازی سروشتی و ئه‌گه‌ر ئەو كارەی ئێستا تێیدا ده‌كرێت، به‌رده‌وام بێت، ده‌تواندرێت له‌ هه‌موو كه‌رته‌كان سوودی لێ وه‌ربگیرێت و ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ش بكرێت و له‌ دوای نەوت ببێته‌ دووه‌م سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ هه‌رێمی كوردستان.

به‌ڕێوەبه‌ری كۆمپانیای دانه‌غاز له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كردووه‌، به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌می نه‌كردووه‌ و ڕۆژانه‌ 400ملیۆن مه‌تر سێجار غاز ڕه‌وانه‌ی وێستگه‌كانی كاره‌با ده‌كه‌ن و تا ساڵی 2023 ئاستی به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌ هه‌رێم ده‌گه‌یەننه‌ یه‌ك ملیار پێ سێجا.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕاوێژكاری پێشووی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌، د. بێوار خنسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا نه‌خۆشیی كرۆنا هه‌موو جیهانی گرتووەتەوە‌ و هه‌رێمیش پێیه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی زۆری نه‌بێت، كۆمپانیا بیانیه‌كان له‌ هه‌وڵدان په‌ره‌ به‌ كه‌رتی نەوت و غاز بده‌ن و نرخی نه‌وت دابه‌زیوه‌ و ئه‌گه‌ر زیاتر گرنگی به‌ كه‌رتی غاز بدرێت، ده‌توانن به‌رهه‌می زیاتر په‌یدا بكه‌ن بۆ ناوخۆ و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیش ده‌بێت بۆ داهات و بۆ كاره‌با و بۆ ژینگه‌ش باشتره‌ و خزمه‌تێكی زۆر ده‌كات و هاوكارێكی باشی حكوومه‌ت ده‌بێت و بازرگانی زیاتر ده‌كات و كاری كۆمپانیا و كارگه‌كانی پیشەسازی زیاتر ده‌كات و كاریگه‌ریی ئیجابیی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێم ده‌بێت."

د. بێوار خنسی گوتی: "ئه‌گه‌ر گرنگیی پێ بدرێت ده‌تواندرێت غاز هه‌نارده‌ی ده‌روه‌ی بكرێت و بۆ عێراقیش دابین بكرێت، بۆیه‌ داهات له ‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ زیاد ده‌كات و گرنگی بۆ هه‌موو كه‌رته‌كان ده‌بێت وه‌كو كاره‌با و چاندن و پیشه‌سازیش."

د. خنسی گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان یه‌كێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غاز و قه‌باره‌ی غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شی سه‌دان ساڵ ده‌كات و ته‌واویش نابێت، بۆیه‌ كاری به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن حكوومه‌ت و كۆمپانیاكان ده‌كرێت و لیژنه‌ی نه‌فت وغازیش له‌ حكوومه‌ت به‌رده‌وام كاری بۆ ده‌كات، بۆیه‌ تا ئێستا كاریگه‌ریی كۆرۆناش له‌سه‌ری نه‌بووه‌ و به‌رده‌وامن له‌ كاری خۆیان، بۆیه‌ ئه‌مه‌ داهاتێكی سه‌ره‌كی بۆ هه‌رێم ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ نه‌وت باشتره‌ و قازانجی زیاتره‌."

بڵند ئیبراهیم