دیجیتال میدیای سپێده
کەمێک پێش ئێستا، ئاگرێک لە ژمارەیەک دوکانی پلاستیکفرۆشی ناو بازاڕی شێخەڵڵا لە شاری هەولێر کەوتەوە و لە ئێستادا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆکارێکی تائێستا نەزانراو، ئاگر لە ژمارەیەک دوکانی پلاستیکفرۆش لەناو بازاڕی شێخەڵڵا لە شاری هەولێر کەوتەوە.
دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و کارەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەست پێکرد.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا هەشت دوکان زیانییان پێگەیشتووە و سەرجەم دوکانەکانیش ماددەی پلاستیک و پێداویستییەکانی دیکەی وەک بۆن و جوانکاریی تێدایە.
هەرچەندە هێشتا هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، بەڵام شایەتحاڵان لە نزیک شوێنی رووداوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە بەهۆی شۆتی کارەباوە کەوتووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کارەکانیان بەردەوامن بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە و رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتر.