هێزەکانی ئیسرائیل فەڵەستینییەکیان لە کەناری رۆژئاوا شه‌هیدكرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە کاتی هەڵکوتانە سەر شاری توباس لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، هێزەکانی ئیسرائیل گەنجێکی فەڵەستینییان شه‌هیدكرد.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیان کوتاوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی ئەلفارا لە توباس کە دەکەوێتە باکووری کەناری رۆژئاوا، بەریەککەوتن لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان رووی داوە.

شایەتحاڵان سەرنجیشیان خستووەتە سەر ئەوەی کە هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر فەڵەستینییەکاندا گولـلـە و گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینیش لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە کەمپەکەدا گەنجێکی فەڵەستینی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی یونس تایەهـ لە ئاکامی ئەوەی ئەو فیشەکەی لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە ئاراستە کراوە بەر دڵی کەوتووە گیانی لەدەست داوە.

هێزەکانی ئیسرائیل بە پاساوی جیا جیا زوو زوو هەڵدەکوتنە سەر ماڵی فەڵەستینییەکان لە قودسی خۆرهەڵات و کەناری رۆژئاوای داگیرکراو.

لە کاتی هەڵکوتانە سەرەکانیشدا بەریەککەوتن لەنێوان فەڵەستینییەکان و سەربازانی ئیسرائیلدا روو دەدات.