بەڕێوەچوونی کەمپین لە بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی نرخی وزە

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە بەریتانیا زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەس، بەشدارییان لەو کەمپینەدا کرد کە داوای کەمکردنەوەی نرخی وزە دەکات لەو وڵاتەدا.

بزووتنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە رێگەی ماڵپەڕی ئینتەرنێتی (www.dontpay.uk)ەوە دەستی بە کەمپینێک کردووە بە ناوی 'پارەی پسووڵەکانی وزە مەدەن'، لە کاتێکدا داوای کەمکردنەوەی نرخی وزە دەکات کە بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کردووە لە وڵاتەکەدا، داوا لە بەکاربەران دەکات تا دابەزاندنێکی گشتگیر هەموو فەرمانە ئۆتۆماتیکییەکانی پێدانی پارە هەڵبوەشێننەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی بزووتنەوەکەدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە ١٧٠ هەزار کەس بەشدارییان لەو کەمپینە واژووکردنەدا کردووە کە داوای کەمکردنەوەی نرخی وزە دەکات، هاوکات داواکراوە نرخی یەکەی پسووڵەکانی وزە وەک سیستمی باج بەپێی ئاستی داهاتی بەکاربەر دیاریی بکرێت.

دوایین جار دەستەی چاودێری بازاڕی وزەی بەریتانیا (Ofgem)، بڕیاری دا نرخی سەقفی ساڵانەی سەدا ٨٠ زیاد بکات کە بەکاربەران دەبێت لە وڵاتەکەدا بیدەن و تا سێ هەزار و ٥٤٩ پاوەن بەرزی کردەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ لیز تراس وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکاربوو، پێشبینی دەکرێت هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ماڵەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە.

رێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە بەریتانیا لە مانگی تەمووزدا، گەیشتە سەدا ١٠،١ کە ئەوەیش بەرزترین ئاستە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا.