دیجیتاڵ میدیای سپێده
داواکاری گشتیی کۆماریی کوچوکچەکمەجە لێکۆڵینەوەی لەو رووداوەی هاتوچۆ دەست پێکرد کە لە ناوچەی ئاڤجیڵار لە ئیستانبوڵ روویدا و بووە هۆی برینداربوونی ٩٩ کەس.
دوێنێ ئێواره لە وێستگەی میترۆپاس لە ناوچەی ئاڤجیڵاری شاری ئیستانبوڵ، دوو میترۆپاس بە هۆکارێکی نادیار پێکیاندادا. دوو میترۆپاسی دیکە کە لە دواوە دەهاتن، خۆیان بەو دوو میترۆپاسەدا کێشا کە بەریەککەوتبوون. لە رووداوەکەدا ٩٩ کەس برینداربوون. دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس رەوانەی شوێنەکە کران.
تیمەکان ئەو سەرنشینە بریندارانەیان رزگارکرد کە لەناو میترۆپاسەکاندا گیریان خواردبوو. هەر لە شوێنی رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان ئەنجام درا. دواتر بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکە.
- داواکاری گشتیی کۆماریی کوچوکچەکمەجە لێکۆڵینەوەی دەست پێکرد
داواکاری گشتیی کۆماریی کوچوکچەکمەجە لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەست پێکرد کە تێیدا چوار میترۆپاس پێکیاندادا و بووە هۆی برینداربوونی ٩٩ کەس.
پارێزگای ئیستانبوڵ رایگەیاند، ٥٠ کەس لە برینداران بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ٤٩ی دیکەش خۆیان چوونەتە نەخۆشخانە و چارەسەرییان بۆ کراوە.