پارتی وسوننه‌كان داواكاریه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دریان ڕه‌تكرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

پارتی وسوننه‌كان داواكاریه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دریان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌تكرده‌وه‌، جه‌ختیشیانكرده‌وه‌ له‌به‌رده‌وامیی كاروباری په‌رله‌مان هه‌تا به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن".

باره‌گای بارزانی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ورده‌كاریی كۆبونه‌وه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتیی سیاده‌ ئاشكراده‌كات.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق‌و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتیی سیاده‌ كۆبۆته‌وه‌و ده‌رهاویشته‌ نه‌رێنییه‌كانی بارودۆخی سیاسیان له‌سه‌ر عێراق‌و پێویستیی پشتبه‌ستن به‌زمانی دیالۆگ‌و په‌یڕه‌وكردنی شێوازه‌ ده‌ستوریی‌و یاساییه‌كانیان باسكردوه‌.

كۆبونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی‌و سوننه‌كان جه‌ختیان له‌گرنگی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌ویش له‌دوای ئاماده‌سازییه‌ یاساییه‌كان‌و به‌پێی میكانیزمه‌ ده‌ستورییه‌كانی به‌ر له‌پێكهێنانی حكومه‌تێك كه‌ خاوه‌ن سه‌ڵاحیاتی ته‌واوبێت‌و متمانه‌ی هه‌مولایه‌ك له‌سه‌ر به‌رنامه‌كانی بێت.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "پێویسته‌ كاروباری په‌رله‌مان به‌رده‌وامیی هه‌بێت هه‌تا به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ یه‌كێك له‌داواكاریه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی موقته‌دا سه‌در بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌.