گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشەنکۆڤ رایگەیاند لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەردوو ناوچەی خارکیڤ و مکۆلاییڤ سوپای ئۆکراینا لە رێککەوتی ٦-١٠ی ئەیلوول چوار هەزار سەربازی لەدەست داوە.
ئیگۆر کۆناشەنکۆڤ لەبارەی چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا رایگەیاند کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا و یەکە تۆپهاوێژ و مووشەکهاوێژەکانی رووسیا بە هەستیارییەکی زۆرەوە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا ئەنجام دەدەن لە خارکیڤ.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی کاتی سەربازە بیانییە بەکرێگیراوەکان و یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا و زیاتر لە ٤٥٠ سەربازی ئۆکراینایان لەچالاکی خستووە، گوتی: "لە ئاکامی ئەو هێرشانەی بە مووشەکی هەستیاری بەرز لە هەردوو ناوچەی خارکیڤ و مکۆلاییڤ ئەنجام دراون، سوپای ئۆکراینا لە رێککەوتی ٦- ١٠ی ئەیلوول چوار هەزار سەربازی لەدەست داوە و زیاتر لە هەشت هەزار برینداریشی هەیە".
کۆناشەنکۆڤ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە ١ی ئەیلوولەوە تاکو ئێستا ٢٦ جار وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا
و شاری ئەنەرگۆدار تۆپباران کراوە، گوتی: "تاكو ئێستا ٢٩٣ فڕۆكه، ١٥٣ ههلیكۆپتهر، ٣٧٤ سیستهمی مووشهكی بهرگریی ئاسمانی، هەزار و ٩٣٣ فڕۆكهی بێفڕۆكهوان، چوار ههزار و ٨٨٣ تانک و زرێپۆش، ٨٣١ مووشهكهاوێژی فرهلووله، سێ هەزار و ٣٧٨ گوللە تۆپ و گوللە هاوان و پێنج ههزار و ٤٦٩ ئۆتۆمبێلی سهربازیی ئۆكراینا تێك شکێندراون".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دوێنێ رایگەیاند کە سوپای رووسیا لە هەردوو شاری ئیزیوم و بالاکلەی لە ناوچەی خارکیڤ کشاوەتەوە کە پێشتر لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.