ماكرۆن داوا له‌ رووسیا ده‌كات چه‌كه‌كانی له‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی زاپۆریژیا بكشێنێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، بانگه‌وازی كرد هێزه‌كانی رووسیا چه‌كه‌ قورس و سووكه‌كانیان له‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی زاپۆریژیا بكشێننه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن كۆشكی ئێلیزێوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئیمانوێل ماكرۆن و ڤلادیمیر پوتین په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامداوه‌.

له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ماكرۆن به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی رووسیای له‌ ئۆكراینا سه‌ركۆنه‌ كردووه‌ و داوای كردووه‌، ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ كۆتاییان پێبهێنرێت، دانوستانه‌كان ده‌ستپێبكرێن و سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئۆكراینا جارێكی دیكه‌ ده‌سته‌به‌ربكرێت.

هه‌روه‌ها سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا به‌پێویستی زانیوه‌ ئاسایشی وێستگه‌ی ئه‌تۆمیی زاپۆریژیا فه‌راهه‌م بكرێت و داگیركاریی رووسیای به‌ مه‌ترسیی بۆ سه‌ر وێستگه‌كه‌ داناوه‌.

ئیمانوێل ماكرۆن بانگه‌وازی كردووه‌، هێزه‌كانی رووسیا چه‌كه‌ قورس و سووكه‌كانیان له‌ وێستگه‌كه‌ بكشێننه‌وه‌ و داوای پابه‌ندبوونی به‌ ئامۆژگارییه‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم كردووه‌.

هه‌ر له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ماكرۆن و پوتین تاوتوێی ئاسایشی خۆراكی جیهانییان كردووه‌ و سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سزاكانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شی كه‌ بۆ كشتوكاڵ پێویستن ناگرێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ماكرۆن داوای له‌ پوتین كردووه‌ ئه‌و دانه‌وێڵه‌یه‌ی له‌ ئۆكرایناوه‌ ده‌رباز ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخرێت كه‌ بگاته‌ ئه‌وانه‌ی زۆرترین پێویستییان پێیه‌تی.