سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad)، دەیڤید بارینا رایگەیاند ئەگەر وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشەوە بگەن بە رێککەوتن، ئەوا نابێتە هۆی پاراستنی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
دامەزراوەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل (KAN) بڵاوی کردەوە، بارینا لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی ئەمنی لە تەل ئەبیب کە بۆ یەکەمجارە بەشێوەیەکی ئاشکرا بە رووی خەڵکدا ئەنجام دەدرێت، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "رێککەوتنی ئەتۆمی بە هیچ جۆرێک نابێتە هۆی سنووردارکردنی ئێران" و گوتوویەتی: "بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا دانوستانەکانی ڤیەننا بەردەوام بوون، (ئێران) هەم لە سەر خاکی ئەمریکا و هەم لە ئەورووپا چالاکییە تیرۆریستییەکانی زیاتر کردوون. هەوڵ دەدەن لەسەر خاکی ئەمریکا زیان بە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا بگەیەنن".
سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (Mossad) بیری خستەوە کە هەفتەی رابردوو سەردانی واشنتۆنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە، گوتی: "لە ئەمریکا باسم لەوە کرد کە واژووکردنی رێککەوتنێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجینە ئێران لە ساڵی یەکەمدا نزیکەی ٩٠ ملیار دۆلار و دواتریش ساڵانە دەیان ملیار دۆلار کۆ بکاتەوە، چ ئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە. ئایا چەند لەم پارەیە بۆ تیرۆریستان دەچێت؟ چەندی بۆ بەهێزکردنی درێژکراوەکانی ئێران لە لوبنان و چەندیشی بۆ فەیلەقی قودس دەچێت کە دەیهەوێت ناوچەکانی سووریا کۆنترۆڵ بکات؟".
دەیڤید بارینا ئاماژەی بەوە دا کە هۆشداری داوە بە ئەمریکییەکان لەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی تەنها بۆ ماوەی کورتخایەن بەسوود دەبێت و بۆ ماوەی مامناوەند و درێژخایەن ترسناک دەبێت، گوتی: "ئێمە بەشداری لە یاری چاوبەستن ناکەین و دیدگامان بەرامبەر ئێران روونە. ئەگەر وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشەوە بگەن بە رێککەوتن، ئەوا نابێتە هۆی پاراستنی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکانی مۆساد".