مامۆستایانى یەکگرتوو: پێویستە مافی پلە بەرزكردنەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

مامۆستایانى یەکگرتوو ڕایانگه‌یاند: هاتنەوەى ساڵى نوێ لە سەروبەندى دۆخێکى نوێدایە بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق و، ئەرکى پەروەرشیاران و خەمخۆرانى پەورەردەو فێرکردنیش گرانتر ئەکات.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد، بۆیە دەخوازێت بەرپرسانى حکومەت و وەزارەتى پەروەردە دوور لە گیانى حیزبى و ئایدۆلۆژى بێنە خزمەت پرۆسەکەوەو، خواستى مامۆستایان و قوتابیان بهێننە دی.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

بەیاننامەى مامۆستایانى یەکگرتوو بەبۆنەى هاتنى ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣)

(بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان)

مامۆستا و پەروەرشیارانى بەڕێز..

 

خەمخۆرانى پەروەردەو فێرکردن..

بەبۆنەى دەست پێکرنی ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) سەرەتا پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەى تەواوى مامۆستایانى بەڕێز و دڵسۆز و، قوتابیانى وخوێندکارانی سەربەرزو خۆشەویست و هەموو شەیدایانى پێشکەوتنى پەروەردەو فێرکردن لە کوردستان دەکەین..

هاتنەوەى ساڵى نوێ لە سەروبەندى دۆخێکى نوێدایە بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق و، ئەرکى پەروەرشیاران و خەمخۆرانى پەورەردەو فێرکردنیش گرانتر ئەکات، بۆیە دەخوازێت بەرپرسانى حکومەت و وەزارەتى پەروەردە دوور لە گیانى حیزبى و ئایدۆلۆژى بێنە خزمەت پرۆسەکەوەو، خواستى مامۆستایان و قوتابیان بهێننە دی..

لەم سەروبەندەدا چەند خاڵێک بیرى هەمووان دەخەینەوەو بۆ ڕاى گشتى مامۆستا و دڵسۆزانى پەروەردەى دەخەینە ڕوو:

1- دواى ئەو گۆڕانکارییانەى وەزارەتى پەروەردە ئەنجامیداوە لە پرۆسە و سیستەمى نوێى خوێندن، جێى خۆیەتى بیر لەوەش بکاتەوە کە زۆرینەى فەرمان و بڕیارەکانى وەزارەت، زیادکردنى ئەرکى سەرشانى مامۆستایانە و، دەبێت لە بەرامبەردا مافى شایستەیان بۆ بەدى بهێنرێت، جیا لەوە پرۆسەیەکى ناهاوسەنگ دەبێت و، بەدەرنابێت لە کەموکورتى و قەیران..

2- لەکاتێکدا چەندین ساڵە پێدانى شایستەى پلە بەرزکردنەوە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانى کوردستان وەستاوە، پێویستە ئەو مافە بۆ مامۆستایان بگەڕێنرێتەوە، وەمیکانزمێک دابنرێت بۆگێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە.بە پێچەوانەوە بۆ هەر ڕێکارێکى یاسایی و مەدەنى بۆ خزمەتى مامۆستایان پێویست بێت هەڵوێستمان دەبێت و پشتیوانى مامۆستایانى خۆشەویست دەبین..

3- وەک دەبینین مامۆستایان و فەرمانبەران مانگانە بە ترس و دڵەڕاوکێوە بۆ سەرى مانگ و رۆژى پێدانى موچەى مانگانەیان دەڕوانن، لە کاتێکدا داهاتى هەرێم زەبەلاح و بێ حیسابە و، پێویستە رۆژێکى دیاریکراو هەبێت بۆ پێدانى موچەى مانگانە و چیتر یارى بە هەست و دەرونى موچەخۆران نەکرێت..

4- وانەبێژان کۆڵەکەیەکى بەهێزى پرۆسەى فێرکردنن لە بەشێکى بەرچاوى ناوەندەکانى خوێندن لە سەرتاسەرى کوردستاندا، پێویستە مافەکانیان بدرێت و داخوازییەکانیان جێبەجێ بکرێت، تا پشتیوانێکى باشترى سەرخستنى فێرکردن و پەروەردە کردن بن..

5- ئێمە وەک مامۆستایانى یەکگرتوو لە ماوەى هاوینى دا (پرۆژەى بنیاتنانى تواناکان)مان جێبەجێکرد، لەپێناو ڕاهێنانى (١٠٠٠)مامۆستا لە سەرتاسەرى کوردستاندا، بەوەش پشتیوان بە خواى گەورە پاڵنەرێکى بەهێزى پەروەردەکردنى نەوەکانمان دەبین بۆ پاراستنیان لە هەڵدێر و، فریودان بە مادەهۆشبەر و دیاردە نەشیاو و دزێوەکان..

6- لە ماوەى ڕابردوودا پرۆژەیاساى وەزارەتى پەروەردە ئاراستەى پەرلەمان کراوەو، لە لیژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا خوێندنەوەى بۆ کرا، بەڵام بوونى کەموکورتى و تیبینى زۆر لەسەر پرۆژەکە، کاردانەوەى گەورەى لە شەقامى کوردستاندا لێکەوتەوە، تا ناچاربوون دەستکارى بکەن و بەشێک لە تێبینى و هەڵە دیارەکان چاک بکەن، بەڵام هێشتا زیاترى ماوە کارى لەسەرى بکرێت، لەو ڕوانگەیەوە داواکارین ووردتر و بەرپرسانەتر خوێندنەوەى بۆ بکرێت و، تا لە پەرلەمان خوێندنەوەى کۆتایی بۆ دەکرێت، کەمترین خاڵى نێگەتیڤ و نەخوازراو بە پەروەردەو پێگەیاندنى نەوەکانى کۆمەڵگەکەمان لەخۆبگرێت..

لەگەڵ هیواى ساڵێکى بێ قەیران و پڕ لە دەستکەوت بۆ مامۆستایانى خۆشەویست و قوتابیانى ئازیز و، سەرکەوتنێکى تەواوەتى پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن لە کوردستاندا..

ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو

١٢/٩/٢٠٢٢