ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا داواده‌كه‌ن ده‌ستبه‌جێ شه‌ڕ وپێكدادانه‌كانی نێوان ئه‌رمینیا وئازه‌ربایجان رابگیرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وسه‌رۆك كۆمارى فه‌ره‌نسا داوایانكرد ده‌ستبه‌جێ شه‌ڕ وپێكدادانه‌كانی نێوان ئه‌رمینیا وئازه‌ربایجان رابگیرێت.

ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌مریكا زۆر نیگه‌رانه‌ له‌هه‌واڵی شه‌ڕ وپێكدادانی سنووری ئه‌رمینیا-ئازه‌ربایجان به‌هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون له‌ئه‌رمینیا و ژێرخانه‌ مه‌ده‌نییه‌كانیشه‌وه‌.

بلینكن راشیگه‌یاندوه‌: وه‌ك چۆن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌ئاشكرا رامانگه‌یاندووه‌، ئێستاش ده‌یڵێینه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌شێوازی سه‌ربازیی چاره‌سه‌ر ناكرێت وداوا ده‌كه‌ین هه‌مو جۆره‌ پێكدادانێكی سه‌ربازیی كۆتایی پێ بهێندرێت.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌رمینیا، نیكۆل پاشینیان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن ئه‌نجامداوه‌.

حكوومه‌تی ئه‌رمینیا بڵاویكرده‌وه‌: له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ی نێوان پاشینیان وماكرۆندا، تاوتوێی دوایین شه‌ڕ وپێكدادانی سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجان-ئه‌رمینیا كراوه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: پاشینیان نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه‌ له‌باره‌ی ئه‌و ره‌وشه‌، ماكرۆنیش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان جێگه‌ی قبوڵ نییه‌ وپێویسته‌ ره‌وشه‌كه‌ ئارام بكرێته‌وه‌.