- ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لەبەردەم بینای پەرلەمانی ئەرمینیا گردبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران نیکۆڵ پاشینیان-یان کرد.
ئەنقەرە - AA
دوای دروستبوونەوەی ململانێکان لەگەڵ ئازەربایجان و ئەو زەرەر و زیانە گەورەی لە ئەنجامی شەڕفرۆشتنەکانی ئەرمینیا بەر سوپای ئەو وڵاتە کەوت، خۆپیشاندەران دژبە سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان لە یەریڤانی پایتەخت لەبەردەم بینای پەرلەمان گردبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتیان کرد.
ئاژانسی هەواڵیی NEWS.amی ئەرمینیایی بڵاوی کردەوە، کەسوکاری ئەو کەسانەی لە جەنگی دووەمی قەرەباغدا کە ماوەی ٤٤ رۆژی خایاند کوژران، لەبەردەم پەرلەمان گردبوونەوە و کاردانەوەیان بەرامبەر بە سەرۆکوەزیران نیکۆڵ پاشینیان نیشان دا.
خۆپیشاندەران داوایان کرد کە متمانە لە پاشینیان بسەندرێتەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتیان کرد.
پۆلیسی ئەرمینیا بۆ بەرگرتن لە خۆپیشاندەران، شەقامی دەرگای چوونە ژوورەوەی پەرلەمانی داخست.
لەو وێنانەی کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکراوەنەوە، دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران لە هەوڵی شکاندنی دەرگای بینای پەرلەماندان.
هەروەها لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران دروشم دژبە سەرۆکوەزیران نیکۆل پاشینیان دەڵێنەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
بەگوێرەی ئەو پۆستانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوە، دەردەکەرێت کە خۆپیشاندەران کاردانەوەیان هەبووە بەرامبەر بەو گوتارەی کە دوێنێ پاشینیان لە پەرلەمان پێشکەشی کرد و تیایدا و ئاشکرای کردبوو کە خوازیارە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجان واژوو بکات.
خۆپیشاندەران رۆژی سێشەممەی رابردووش لە دەرەوەی بینای پەرلەمان ناڕەزایەتییان دەربڕی بوو.
- ١٠٥ سەربازی ئەرمینیا لە پێکدادانەکانی سەر سنووری ئازەربایجان کوژراون
دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆڵ پاشینیان لە گوتارێکیدا لە پەرلەمان، زانیاری لەسەر پێکدادانەکانی سەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئازەربایجان خستبووەڕوو.
پاشینیان ئاماژەی بەوە دابوو، داوای هاوکاریی سەربازییان لە رووسیا کردووە و ئاشكرایكردبوو، لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکە داوایان کردووە کە ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تاوتوێ بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا زانیاری لەسەر زیانەکانی سوپای ئەرمینیا ئاشکرا کردبوو و رایگەیاندبوو "بەپێی دوایین ئامارەکان، ١٠٥ سەرباز کوژراون".
ئازەربایجان رایگەیاندبوو، ئامادەیە بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی ١٠٠ سەربازی ئەرمینیا کە لەو پێکدادانەدا کە بە شەڕفرۆشتنەکانی یهریڤان دەستی پێ کردووە.
- پێکدادانەکانی سەر سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا
لەسهر سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا پێکدادانێکی چڕ لەنێوان یەکە سەربازییەکانی هەردوو وڵات دەستی پێ کردبوو.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاندبوو، سوپای ئەرمینیا شەوی ١٢ی ئەیلوول و بەیانی رۆژی ١٣ئەیلوول هەڵمەتێکی شەڕفرۆشتنی فراوانی بە ئاراستەی ناوچەکانی داشکەسەن، کەلبەجەر، لاجین و زەنگیلان لە سنووری ئازەربایجان ئەنجامداوە.
چەند پێگەیەکی سوپای ئازەربایجان لەسەر سنوور بەچڕی تۆپباران کرابوون و ٥٠ سەربازی سوپای ئازەربایجان شەهیدبوون.
سوپای ئازەربایجان بە مەبەستی بێدەنگکردنی تۆپهاوێژەکانی سوپای ئەرمینیا و بەرگرتن لە فراوانبوونی پێکدادانەکان، بە هەمان شێوە وەڵامی دابوویهوه و زیانی قورسی بە یەکە سەربازییەکانی ئەرمینیا گەیاندبوو.