وەزیری دەرەوی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان داوای کرد کە لە سایەی گرژییەکانی نێوان باکو و یەریڤاندا، پێویستە سنوور لەگەڵ ئەرمینیا لە ھەر گۆڕانکارییەک دوور بخرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوی ئێران رایگەیاندووە کە تاران جەخت لەسەر گرنگی پارێزگارییکردن لە یەکپارچەیی خاکی سەرجەم وڵاتان دەکاتەوە لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە تاران، سنووری نێوان ئێران و ئەرمینیا بەڕێرەوەێکی مێژوویی لەقەڵەمدەدات، لەبەرئەوە پێویستە لە ھەر گۆڕانکارییەک دوور بخرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ھەروەھا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەبارەی سەرھەڵدانەوەی ململانێی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی ئامادەییە ببێت بە نێوەندگیر بۆ ئەوەی ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.
ئێران کە پێشتر ھەڵوێستێکی بێلایەنی ھەبووە بەرامبەر بە ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، بەڵام دوای جەنگەکەی ساڵی ٢٠٢٠، بەرپرسانی ئێران پاڵپشتیی لە مافی باکویان کرد لە ناوچەی جێناکۆک (قەرەباغ).
رۆژی دووشەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕ و پێکدادانی چڕ لەنێوان یەکە سەربازییەکانی ھەردوو وڵاتدا.
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاندبوو کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی سەر سنوور، ٥٠ سەربازی ئازەربایجان کوژراون.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان رایگەیاند لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی سەر سنوور لەگەڵ ئازەربایجان، ١٠٥ سەربازی وڵاتەکەی کوژراون.