ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی گازی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، کە چاودێریی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل سەبارەت بە سنوورە دەریاییە کێشە لەسەرەکان، دەکەن و لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانی لوبنان کێڵگەی گازی سروشتی کاریش دەکەنە ئامانج.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حەسەن نەسروڵڵا لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "مووشەکەکانمان رووەو کاریش ئامادەکردووە و سەرنجمان چڕکردووەتەوە. چاودێری بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەکەین سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری دەریایی".

حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند کە لەرێگەی میدیاکانەوە پەیامێکیان ناردووە کە ئەگەر دەست بە دەرهێنانی گاز لە کێڵگەی کاریش بکرێت، رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و گوتی: "تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانی گەلی لوبنان نەدرێتەوە رێگە بە دەرهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەی کاریش نادەین".

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، حەسەن نەسروڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی ئەوەی کرد، لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانی لوبنان کێڵگەی گازی سروشتی کاریش دەکەنە ئامانج.

کێشە لەسەر رووبەری نزیکەی ٨٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە گۆڕەپانی دەریایی لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەیە. هەردوو وڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مافی قەڵەمڕەوی دەریایییان لەو ناوچەیە هەیە.