رێژه‌ى سه‌دا 54ى زه‌وییه‌كانى عێراق مه‌ترسى بیابانبوونیان له‌سه‌ره‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیاڵ میدیای سپێدە

فه‌رمانگه‌ی چاودێری دارایی له‌ عێراق به‌ ژماره‌ شكستی سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كانی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی له‌گه‌ڵ پلانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌ بیابانبوون ئاشكرا كرد، هه‌روه‌ها هۆشداریدا له‌وه‌ی رێژه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی مه‌ترسی بیابانبوونیان له‌سه‌ره‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 54%، واته‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی رووبه‌رى وڵات.

به‌گوێره‌ى (شه‌رقییه‌ نیوز) نووسینگه‌ی دیوانى چاودێری فیدراڵی راپۆرتێكی درێژی 30 لاپه‌ڕه‌یی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ رووبه‌ره‌ زه‌وییه‌ بێ رووه‌كه‌ سوود لێنه‌بینراوه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات زیادیكردوه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ زیاتر له‌ 141 ملیۆن دۆنم، كه‌ ژینگه‌یه‌كی به‌پیته‌ بۆ بیابانبوون.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌ كه‌می ژماره‌ى سیسته‌می ئاودێری مۆدێرنى به‌كارهاتوو بۆ ئاودێریكردنی رووه‌كه‌كان، هه‌روه‌ها باس له‌ شكستی زۆرێك له‌ میكانیزمه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان كراوه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كشانى ته‌پۆڵكه‌كانی لم به‌كارهێنراوه‌. راپۆرته‌كه‌ پێشنیاری ته‌رخانكردنی هه‌وڵ و تواناكانی كرد بۆ ئاماده‌كردنی پلانی ستراتیژی كه‌ چاره‌سه‌ركردنی خێرای ته‌پۆڵكه‌كانی لم و وه‌رگرتنی شێوازی كاریگه‌رتر له‌خۆبگرێت، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی دابینكردنی كارمه‌ندی ته‌كنیكی و تایبه‌تمه‌ند له‌ بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیابانبووندا كردوه‌ته‌وه‌.