رێكخراوى فاو: ئاسایشى خۆراك له‌عێراق ولوبنان ویه‌مه‌ن زۆرترین زیانى پێگه‌یشتوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رێكخراوى خۆراك وكشتۆكاڵ سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ناسراو به‌فاو، ئاشكرایكردوه‌: هه‌ر یه‌كه‌ له‌عێراق ولوبنان ویه‌مه‌ن له‌و وڵاتانه‌ن كه‌زۆرترین زیانی ئاسایشى خۆراكیان به‌به‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا وجه‌نگى روسیا له‌دژى ئۆكرانیا.

عه‌بدولحه‌كیم واعر، به‌رێوه‌به‌رى گشتى یاریده‌ده‌ر ونوێنه‌رى هه‌رێمى بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست وباكورى ئه‌فریقیا له‌رێكخراوى فاو رایگه‌یاندوه‌: له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوو دا جیهان تووشى ئاڵنگارى زۆر بۆته‌وه‌، كه‌كاریگه‌رى راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئاسایشى خۆراك هه‌بووه‌ له‌زۆرێك له‌ناوچه‌كان به‌تایبه‌ت ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كان.

له‌باره‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى زۆرترین زیانیان پێگه‌یشتووه‌ به‌هۆى كۆرۆنا وجه‌نگى ئۆكرانیاوه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ رایگه‌یاندوه‌: به‌شى هه‌ره‌ زۆرى وڵاتانى عه‌ره‌بى زیانیان پێگه‌یشتووه‌ وكاریگه‌رى له‌سه‌ریان هه‌بووه‌، جگه‌ له‌گۆرانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا وجه‌نگ و دووبه‌ره‌كییه‌ ناوخۆییه‌كان كه‌كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌ له‌عێراق ولوبنان ویه‌مه‌ن هه‌بووه‌.

راشیگه‌یاند: پلانێكمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى زیانیان پێگه‌یشتووه‌، وله‌گه‌ڵیان دا پشتیوان ده‌بین تا ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێنن.