لە سێنیگال حکوومەتی نوێ پێکهێنرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە سێنیگال کابینەی نوێ حکوومەت پێکهێنرا.

بەپێی راگەیەنراوێکی حکوومەتی سێنیگال، کابینەی نوێی حکوومەت کە لەلایەن ئامادۆ با سەرۆکایەتی دەکرێت لە ٣٨ وەزیر پێکدێت کە هەشتیان ئافرەتن.

لە ٣١ی تەمووزی رابردوودا، هەڵبژاردن لە سێنیگال ئەنجامدرا و لەو بەروارەوە تا ئێستا چاوەڕوانی پێکهێنانی حکوومەت دەکرا.

پۆستی سەرۆکوەزیران کە ماوەی سێ ساڵە بەتاڵە، دوێنێ سپێردرا بە وەزیری پێشووی دەرەوە و ئابووریی، ئامادۆ با-ی ٦١ ساڵ.

پۆستی سەرۆکوەزیران لە سێنیگال لە ئایاری ٢٠١٩دا هەڵگیرا، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەرکۆماری وڵاتەکە ماکی سال کە لە نیسانی ٢٠١٩دا بۆ دووەمجار بە سەرکۆمار هەڵبژێردرایەوە پرۆژەیاسای هەموارکردنی دەستووری پێشکەش بە پەرلەمان کرد.

ماکی سال لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا، ویستی پۆستی سەرۆکوەزیران بگێڕێتەوە و دواتر دەستوور هەموارکرایەوە.

سێنیگال لە ساڵانی ١٩٦٣-١٩٧٠ و لە سەردەمی سەرکۆماری پێشووتر، لیۆپۆلد سینگۆر و لە ساڵانی ١٩٨٣-١٩٩١دا لە سەردەمی سەرکۆماری پێشووتر، ئابدۆ دیۆفدا بەبێ بوونی پۆستی سەرۆکوەزیران فەرمانڕەوایی کرا.