رێگایەک لە عومان کە گوایە "هێزی کێشکردنی زەوی نییە" بووەتە جێی سەرسوڕمان

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دەنگۆی نەبوونی هێزی کێشکردنی زەوی لە شاری میربات باشووری عومان، بووەتە هۆی سەرسوڕمانی شۆفێرانی سەر رێگا.

رێگای ناوچەی عەقبەت حەشیر سەربە شاری میربات کە لەلایەن خەڵکەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە "هێزی کێشکردنی زەوی نییە" لەلایەن گەشتیارانی ناوخۆ و بیانییەوە رووی تێ دەکرێت.

شۆفێران بەبێ کارپێکردنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیان لە هەورازی ئەو رێگایە کە ٢٠٠ مەترە، ئۆتۆمبێلەکانیان بەرەو سەرەوە دەڕۆن و بەم جۆرە ئەزموونێکی نوێ لە کاری شۆفێری وەردەگرن.

ئۆتۆمبێلەکان بەخێرایی ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەسەر هەورازەکە دەکەون. ئاماژە بەوە دەدرێت کە بەپێی گەورەیی و کێشی ئۆتۆمبێلەکانیش خێرایییەکە دەگۆڕێت. گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی بۆ لە نزیکەوە بینینی ئەمە، سەردانی ناوچەکە دەکەن.

هەر لەو مەودا ٢٠٠ مەترییەدا، کاتێک ئاو دەڕێژرێت بەرەو سەرەوە دەڕوات، ئەمەیش زۆر سەرنجی خەڵکی راکێشاوە.

وەزارەتی گەشتیاری لە سوڵتاننشینی عومان بۆ ئەوەی ناوچەکە بکات بە ناوچەیەکی گەشتیاریی، ژمارەیەک پرۆژەی دەست پێ کردووە و بڕیارە چەند شوێنێکی گەشتیاریی لە ناوچەکە دروست بکات، بۆ ئەوەی گەشتیاران رووی تێ بکەن و کاتێکی خۆشی لێ بەسەر ببەن.

چیرۆکی لەم جۆرە لەبارەی ژمارەیەک رێگا و ناوچەی هاوشێوەی ئەو رێگایە لە وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، ئەمریکا، چین و سعوودیەیش باس دەکرێت. لە کاتێکدا ژمارەیەک لە زانایان باس لەوە دەکەن کە لەو جۆرە ناوچانە هێزی کێشکردنی زەوی نییە، ژمارەیەکی دیکەیان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەمە تەنها بەهەڵەداچوونی چاوە.