دیجیتاڵ میدیای سپێدە
فراكسیۆنی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت: لە پاش تێپەڕبوونی (18) ڕۆژ بەسەر دەستپێكردنەوەی وەرزی پایزەی یاسادانان، پەرلەمانی كوردستان تەنها یەك دانیشتنی ئەنجامداوە.
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایگەیاند: لەگەڵ بوونی چەندین پرسی گرنگی وەك بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم و هەروەها هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو یاداشتانەی كە ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە لەسەر قەیرانەكان و پرسی خەڵك،کە تا ئێستا نەخراونەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكان ، سەرۆكایەتی پەرلەمان خەریكە جارێكی تر دانیشتنەكانی پەرلەمان بەرەو پەكخستنەوە و بێ ڕۆڵ بوون دەبات.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ناڕازین بەرامبەر وەستاندنی دانیشتنەكانی پەرلەمان و داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین هەرچی زوترە دەست بە دانیشتنەكانی پەرلەمان بكاتەوە و بەرنامەی دانیشتنەكانیش بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانە كەلەكەبووەكان بێت.