دیجیتال میدیای سپێده
لە نێجیریا رۆژئاوای ئەفریقا، تای لاسا بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا ٩١٧ کەس تووشی ئەو تایە بوون.
ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی نێجیریا، تۆمارکردنی هەشت حاڵەتی نوێی تووشبوون بە تای لاسای راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکی ناوەندەکەدا باس لەوە کراوە کە تای لاسا بە ١٠٢ ناوچەی ٢٥ ویلایەتی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە، بەم شێوەیەش لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا ٩١٧ حاڵەتی تووشبوون بە تای لاسا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش ١٧١ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
حکوومەتی نێجیریا لە ماوەی رابردوودا، دیاریکردنی سێ جۆر دەرمانی بۆ چارەسەرکردنی تاکە راگەیاند.
ساڵانە بەهۆی وشکەساڵییەوە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و ئایاردا، رێژەی تووشبوون بە تای لاسا بەرز دەبێتەوە، ساڵی پاریش ٦٧٤ حاڵەتی تووشبوون بەم تایە تۆمارکرابوون کە ١٠٢ تووشبوویان گیانیان لەدەستدابوو.
- بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٩ تای لاسا لە ویلایەتی بۆرنۆی نێجیریا دۆزرایەوە
تای لاسا لە زۆربەی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا بەدیدەکرێت و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٦٩ لە ویلایەتی بۆرنۆی نێجیریا، دۆزرایەوە.
حکوومەتی ئەو وڵاتە لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا، بەهۆی تای لاساوە دۆخی لەناکاوی راگەیاند.
ئەم نەخۆشییە لە ئەنجامی بەرکەوتن بە پاشەرۆی مشک، بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە و دواتر لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوێزرێتەوە.
لەبەر ئەوەی تایەکی کوشندەیە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و گیانلەدەستدان، بەرپرسانی کیشوەری ئەفریقا هاووڵاتییانیان لەوە ئاگادار دەکەنەوە کە دوور بکەونەوە لە بەرکەوتن بە مشک و ئاژەڵە قرتێنەرەکانی دیکە.