دیجیتال میدیای سپێده
ئەمڕۆ چوارشەممە٢٠ی ئەیلوولی٢٠٢٢، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کۆبوونەوەکە دوو تەوەر لەخۆدەگرێت کە یەکەمیان تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی رێکخسـتنی دەستی کار لە دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت، ھەروەها و رەخسـاندنی ھەلی کار بـۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دابەشـکردنی دادپەروەرانەی دەرفەتەکانی کار و ئەولەویەتدان بە دەستی کاری خۆماڵی لە پڕۆژەکان، پابەندکردنی خاوەن کار و وەبەرھێنەرانی پرۆژەکان بە تەرخانکردنی رێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکان بۆ کرێکارانی خۆماڵی.
راشیگەیاندووە لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پەیـڕەوی تـایبەت بە (پێکھاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆلینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) لە بەر رۆشنایی برگەی (یەکەم) لە ماددەی نۆ لە یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠٢٠، یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لە ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.