په‌رله‌مانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌كانى ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ وخوێندنه‌وه‌ بۆ چه‌ند پێشنیازه‌ یاسایه‌ك ده‌كات.

به‌پێی بانگهێشتنامه‌یه‌كی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رێواز فایه‌ق، كه‌ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كردووه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دانیشتنی ژماره‌ دووی ئاسایی خولی پاییزه‌ی ساڵی چواره‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌پێى كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌، په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی وئافره‌ت، پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ وفێركاری وپێشنیازه‌یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵان له‌هه‌رێم ده‌كات.

لایخۆیه‌وه‌ سه‌رچنار ئه‌حمه‌د بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی كوردستان بۆ سپێده‌ ڕایگه‌یاندوه‌: دیاریكردنی ئه‌و سێ پێشنیازه‌ یاسایه‌ شتێكی باشه‌ كه‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌كرا بڕگه‌ی دیكه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دابنرایه‌، وه‌ك ئه‌و یاداشتانه‌ی كه‌په‌رله‌مانتاران ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان كردووه‌ بخرایه‌ته‌ ناو كۆبونه‌وه‌كه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرایه‌.

راشیگه‌یاند: یاداشته‌كانی په‌رله‌مانتارانیش گرنگه‌، چونكه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ستن به‌ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان وه‌ك پرسی مووچه‌ و،نه‌هاتنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان و،كێشه‌ی ڕێگا وبانه‌كان ونه‌بونی سوته‌مه‌نی وبه‌رزی نرخه‌كه‌ی و،پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران وپرسی دامه‌زراندن وچه‌ندین بابه‌تی دیكه‌.