وەزیری تەندروستی: كۆرۆنا لە كوردستان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.. هۆكارەكەی هاوكاریی هاووڵاتیانە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و، لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی شارەكە كۆبووەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی بەرنامە و پلانەكانی حكوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو شارەدا.

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێم، لە پارێزگای هەڵەبجەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "سوپاسی هەموو تیمی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەكەم، كە ئێستا بە چاوی خۆمان بینیمان تیمەكان لە ناو شار بڵاو بوونەتەوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێكارە تەندروستییەكان، پەنا بە خوا هەڵەبجەی خۆشەویست دوور دەبێت لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی، بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی ڕەوشەكە، دوو جاریش بودجە بۆ كەرتی تەندروستیی هەڵەبجە دابین كراوە، هەروەها ئامادەین بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانیان".

بەرزنجی هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كاتێك كەسێك تووشی كۆرۆنا دەبێت، ئێمە تەواوی خێزانەكەی و ئەوانەشی بەركەوتنیان لەگەڵی هەبووە، پشكنینیان بۆ دەكەین، دڵخۆشین بەوەی لە كوردستان ژمارەی زۆری تووشبووانی كۆرۆنا تۆمار ناكرێت و هەروەها ژمارەی تووشبووان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بە تایبەت لەو شار و كۆمەڵگایانەی كەرەنتین كراون، ئێستا لە كوردستان ئاستی گواستنەوەی كۆرۆنا تەنها لە گەشتیاران نییە، بۆیە تیمە تەندروستییەكان هەر كەسێك كێشەی كۆئەندامی هەناسەی هەبێت، پشكنینی بۆ دەكەن، لە هەڵەبجەش نەخۆش هەیە وەك گومانلێكراو داخڵ كراوە".

وەزیری تەندروستی دەڵێ: "زیادنەبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا و تەشەنەنەكردنی، هۆكارەكەی هاوكاریی هاووڵاتیانە، بۆیە سوپاسیان دەكەین كە پابەندن بە قەدەغەی هاتوچۆ، لە كوردستانیش لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەری كۆرۆناین، دەشمانەوێت ئیدی زیاد نەبێت و كۆنتڕۆڵی بكەین، بەشی زۆری ئەوانەش كە لە كوردستان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، ڕەوشی تەندروستییان زۆر باشە".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكەینەوە كە جیاوازی لە پشكنین لە نێوان پارێزگاكاندا بكرێت بۆ ئەوكەسانەی گومانی حاڵەتی كۆرۆنایان لێ دەكرێت، بۆ نموونە هەردوو ناوچەی دەربەندیخان و سێبیران پشكنینی زیاتریان بۆ دەكرێت، چونكە لەو ناوچانە گومانی زیاتر هەیە، پزیشكێكیش لە هەولێر تووشی كۆرۆنا بووە، بۆیە ئێمە تەواوی ئەو كەسانەی كۆنتاكیان لەگەڵی هەبووە پشكنینیان بۆ دەكەین، هەروەها سێ سەرچاوەشمان هەیە پۆ پشكنین، یەكەم لە لایەن پزیشكەوە، دووەم پشكنین بۆ ئەوانە دەكرێت كە كەرەنتینمان كردوون پێش ئەوەی بڕۆنەوە ماڵەوە، سێیەم ئەو كەسانە پشكنینیان بۆ دەكرێت كە بەركەوتنیان لەگەڵ تووشبووەكان هەیە".

 

عەزیز ڕەسووڵ