حكومەتی هەرێم لە ماوەی 3 مانگدا نزیكەی چوار ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستكەوتووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

حكومەتی هەرێم دانی پێدا نا كە لە ماوەی سێ مانگدا نزیكەی چوار ملیار دۆلار داهاتی هەبوە، فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داتاكانی كۆمپانیای دیلۆیتی لەبارەی هەناردەو كۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی لەچارەكی دوەمی ئەمساڵدا ئاشكراكرد، بەگوێری داتاكە لەماوەی دوو مانگدا نزیكەی چوار ملیار دۆلار حكومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت داهاتی هەبوە.

بەگوێرەی داتایەك كە كۆمپانیای دیلۆیت ئامادەیكردوە بۆ داتاكانی نەوت لەچارەكی دووەمی ئەمساڵدا و لە1ی 4ی ئەمساڵ بۆ 30ی 6ی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم لەڕێگەی بۆریەوە 37 هەزارو 618 هەزارو 577 بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، نرخی هەر بەرمیلێكیش بە100 دۆلار و 38 سەنت فرۆشتووە كە كۆی بەهای نەوتەكە بریتی بووە لە3 ملیارو 776 ملیۆن‌ و 446 هەزارو 251 دۆلار.

سەبارەت بەپاڵاوگە ناوخۆییەكانیش دیلۆیت لە راپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردوە،237 هەزار و 475 بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو هەر بەرمیلێكیش بە 54 دۆلار و 8 سەنت حكومەتی هەرێم داویەتی بە بە پاڵاوگە ناوخییەكان كە بە نیوە قیمەت فرۆشتوویەتی بە پاڵاوگە ناوخییەكان و كۆی پارەی دەستكەوتوی لە فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان بریتی بووە لە12 ملیۆن‌و 844 هەزارو 28 دۆلار.

لەبەشێكی دیكەی داتاكەی كۆمپانیای دیلۆیتدا هاتووە حكومەتی هەرێم لەو سێ مانگەدا بڕی یەك ملیارو 632 ملیۆن‌و 695 هەزارو 597 دۆلاری داوەتە كۆمپانیا نەوتیەكان، لە بری دانەوەی قەرز و خەرجیەكانی دەرهێنان و هەناردەكردن و بەبازاڕكردنی بە هەقدەستی كۆمپانیان ناسراوە. واتا بەپێی داتاكانی دیلۆیت حكومەتی هەرێم زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی كوردستانی داوەتە كۆمپانیا بیانییەكان. كە وردەكاریەكەی بەم شێوەی، بڕی 584 ملیۆن‌و 609 هەزارو 407 دۆلار خەرجكراوە بۆ پرسی گواستنەوە و كۆگاكردنی نەوت ‌و ئەو پارەیەشی ماوەتەوە دوای دەركردنی سەرجەم خەرجیەكان‌ و بۆ موچە تەرخانكراوە بریتیە لە ملیارێك‌ و 571 ملیۆن‌و 985 هەزارو 275 دۆلار.

پێشتر پەرلەمانتاران ئاشكرایان كردبوو كە حكومەتی هەرێم مانگانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار داهاتی نەوتی دەست دەكەوێت، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجیەكانی حەقدەستی كۆمپانیاكان بەشێكی زۆر كەمی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە ، لەبارەی پێداتنی نەوتی خاو بە ناوخۆی هەرێم حكومەت بە نرخی نیوە نەوتی خاو دەداتە پاڵاوگەكانی ناوخۆ بەڵام پاڵاوگەكان بە نرخی جیهانی بەنزین و نەوت بە خەڵكی كوردستان دەفرۆشنەوە.