سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتنی سیستەمی مووشەکیی NASAMS بۆ وڵاتەکەی راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند سیستەمی پێشکەوتووی نیشتمانیی مووشەکیی زەوی-ئاسمان (NASAMS) کە ئەمریکا پێیداون گەیشتووەتە دەستیان.

زێلێنسکی، لە کەناڵی بی بی سی نیوز بووە میوانی پیشکەشکار مارگرێت برینان و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکرانیا- رووسیا کرد.

سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پای ئەو هاوکارییانەی پێشکەشیان کردووە سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و کۆنگرێسی ئەمریکا-ی کرد و گوتی: "سیستەمی مووشەکیی NASAMSمان بەدەست گەیشت. ئەمانە سستەمی بەرگریی ئاسمانین".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سیستەمانە بەشی پاراستنی ژێرخانی وەک خوێندنگە و نەخۆشخانەکان ناکات و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ گەڕانەوەی ئۆکرانییەکان بۆ سەر ماڵەکانی خۆیان ناچارن پاڵپشتیی پێویستی ئاسایش و دارایی دابین بکەن.

زێلێنسکی، داوای تانکیشی لە ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەمریکا، سەرکردایەتی خۆی نیشانبدات و تانکمان بداتێ ئەوە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بەدوای ئەم هەنگاوە دەکەون. ئەگەر لە ئەمریکاوە تانک وەربگرین، لەو بڕوایەدام کە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیش بە تانکەکانیان لە رزگارکردنی شارەکانی ئەورووپا لە داگیرکاری هاوکار دەبن ".

سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماژەی بەو گشتپرسییە کرد کە رووسیا لەچەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات و گوتی: "ئەم گشتپرسییانە، پەیامێکی مەترسیدارە بەوەی پوتین کۆتایی بەم جەنگە ناهێنێت".

زێلێنسکی، لە وەڵامی پرسیاری "لەو بڕوایەدایت کە تاکو پوتین لە دەسەڵات بمێنێتەوە ئاشتی لە ئەورووپا دەمیێنێت؟"ی مارگرێت برینان-ی پیشکەشکار گوتی: "نەخێر، تاکە وەڵامی ئەمە نەخێرە".