عەممار حەکیم داوای لە حه‌لبوسی کرد نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، عەممار حەکیم رایگەیاند کە رەوتی سەدر ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا و داوایشی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کرد کە بەرلەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، نووسراوی دەستلەکار کێشانەوەکەی بکشێنێتەوە.

عەممار حەکیم لە گوتەیەکدا لە دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرکەوتوو بووە لە ھێورکردنەوەی شەقام و بەھێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

راشیگەیاند کە رەوتی سەدر ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا، چوارچێوەی ھەماھەنگیی پەرۆشی بوونی رەوتی سەدرە لە پڕۆسەی سیاسییدا و گوتی: "تا ئێستا گفتوگۆ لەنێوان چوارچێوەی ھەماھەنگیی و رەوتی سەدر ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت، رەوتی سەدر چی ھەڵوێستێکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ھەیە".

باسی لەوەش کرد کە زۆربەی لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا نیین، بەڵام بەھۆی رەوتی سەدرەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان تاوتوێ کردووە.

سەرۆکی ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت لەبارەی ھاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت" رایگەیاند ، ھاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتیی زۆربەی پێکھاتەکان دەکات و ئاشکراشی کرد کە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو رێککەوتوون.

گوتیشی: "ئومێد دەکەین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی بەرلەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە".

عەممار حەکیم جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە چارەسەکردنی چەقبەستوویی سیاسیی، تەنھا لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێت.

دوێنێ دووشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوول، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت.

راشیگەیاندبوو کە کارنامەی دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو بڕگە لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان تایبەتە بەدەنگدان لەسەر "دەستلەکارکێشانەوەی" سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و دووەمیشیان ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.

دوێنێ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە گوتەیەکدا لە دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ لەبارەی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی رایگەیاندبوو کە بڕیارەکەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ نەکردووە و جەختیشی کردبووە لەسەر ئەوەی کە رێگر نابێت لە بەردەم ھیچ کەسێکدا، ئەگەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کاندید بکات.