دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ لە پیادە و ئۆتۆمبێلەکان زۆر باشە، خەڵک هاوکاریی دەزگای ئەمنییەکان دەکەن و بە شێوەیەکی گشتی زۆر باشە و بە ڕێنماییەکانەوە پابەندن.
لیوا تاریق ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: 'دهۆکییەکان هاوکاریمان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، بەڵام سەرپێچیش هەن و ١١٨ ئۆتۆمبێل سزا دراون و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیڵیش دەستبەسەرداگیراون و ٩١ کەسیش دەستگیر کراوان، لەوانەی بێ هیچ ئیشیک دەرکەوتبوون."
ئەو گوتی: 'بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک پێگیرین و هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی زۆرە و پلانەکانیشمان توندۆڵ کردوون و ڕێكاری باشیشمان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان.'
لیوا تاریق دەشڵێ: "دەتوانم بڵێم ١٠٠% خەڵک بۆ نەچوونە گەشت و سەیران پێگیرن و ئەوەشمان کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا چووینەتە نێو گەڕەک و شەقامەکان و پێویستە خەڵکیش هاوکارمان بن و دەبێتە پاراستن بۆ هەموومان."
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاماژەیشی دا: "هەموو ڕێگاکان توندوتۆڵن و ڕێکاری باشمان گرتووەتە بەر و هەموو زاڵگە و ناوچەکان لەژێر کۆنترۆڵدان و هەرکەسێک هەوڵی هاتنی بە قاچاخ بدات بۆ نێو دهۆک ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتە و لێخۆشبوونی نییە."
کــاروان بــاعەدری