دیجیتال میدیای سپێده
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لە میانیدا، دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دەخرێتە دەنگدانەوە.
رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوول، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت.
راشیگەیاندبوو کە کارنامەی دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو بڕگە لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان تایبەتە بەدەنگدان لەسەر "دەستلەکارکێشانەوەی" سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و دووەمیشیان ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش کردبوو کە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت.
دەست پێ کردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە ماوەی چەند مانگێک بوو بەھۆی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە پەکخرابوون.
پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، فادی شممەری رایگەیاندبوو کە ھەر یەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ھاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی "ئیدارەی دەوڵەت" پێکبھێنن، ئەوەیش بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.