لە بۆردومانەکەی ناوچەی سەوز لە بەغدا حەوت کارمەند برینداربوون

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لە ئاکامی بۆردومانکردنی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق، حەوت کارمەندی ئەمنیی برینداربوون.

لەو راگەیەندراوەدا کە لە لایه‌ن شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە کە کاتژمێر ١:٣٠ی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوز کراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە یەکێک لە مووشەکەکان لە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران و یەکێکی دیکەیش لە نزیک میوانخانە و ئەوەی دیکەیش نزیک بازگەی قودس کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، حەوت کارمەندی ئەمنی برینداربوون.

بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ناوچەی سەوز ھاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران.