فینلەندا چوونه‌ ژووره‌وه‌ی هاووڵاتییانی رووسیا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2022-09-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

حکوومەتی فینلەندا، بڕیاریدا لە ٣٠ی ئەیلوولەوە چوونه‌ ژووره‌وه‌ی هاووڵاتییانی رووسیا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە بکات.

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی فینلەندا، پیکا هاڤیستۆ، رایگەیاند: "ئامانج له‌ بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هاتنی گەشتیاری رووسی بۆ فینلەندا و بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەمان به‌ مه‌به‌ستی ترانزێت، بەتەواوی قەدەغە بکات".

دەربارەی بڕیارەکەش حکوومەتی هێلسنکی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بەردەوامی هاتنی گەشتیاری رووسی بۆ فینلەندا، مەترسی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەیان دروست کردووە.

بەهۆی سزایانه‌ی یەکێتیی ئەورووپا به‌سه‌ر مۆسكۆدا سه‌پاندوویه‌تی، لە رووسیاوە گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە ئەنجام نادرێت، ئەو وڵاتانەی یەکێتییەکەش کە هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا، رێگە نادەن رووسه‌كان لە رێی دەروازە سنوورییه‌كانه‌وه‌ بچنە ناو خاکی وڵاتەکانیانەوە.

پێشتریش لە ١ی ئەیلوولەوە فینلەندا پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە هاووڵاتییانی رووسیا بۆ رێژەی له‌سه‌دا ١٠ی پێشتر، کەمکردبووەوە.