دیجیتال میدیای سپێده
کۆریای باشوور هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە کۆریای باکوور دوو مووشەکی نزیکمەودای بالیستی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای رۆژهەڵات)دا هەڵداوە.
سوپای کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە کۆریای باکوور لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا چوار جار مووشەکی "ئیستیفزازی" ئاراستە کردووە کە کۆتا جاریان ئەو دوو مووشەکە بووە کە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆنی کردووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە لە کاتژمێر ٠٦:٤٥ تا ٠٧:٠٣ (بە کاتی ناوخۆی نیمچە دوورگەی کۆریا)، لە ناوچەی سونانی کۆریای باکوورەوە دوو مووشەکەکە ئاراستەکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"کۆتا مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور، نەک تەنها لە نیمچە دوورگەی کۆریا بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گورزێکێکی گەورە لە ئاشتی دەدەن و گێرەشێوێنییەکی گەورەن بۆ پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان".
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ئەوەی پشتڕاست کردەووە کە لە ٢٩ی ئەیلوولدا کۆریای باکوور دوو مووشەکی بالیستی ئاراستەی دەریای ژاپۆن کردووە.