ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا دەستی پێ کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دەنگدەران لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا بەمەبەستی ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی و پەرلەمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانان لە یەکێتیی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و کۆماریی سربیا، هەروەها ھەڵبژاردنی دەستەکانی یاسادانان لە ١٠ کانتۆنی ئەو وڵاتە، روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد.

پڕۆسەی دەنگدان کاتژمێر ٠٧:٠٠ بە کاتی ناخۆی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر ١٩:٠٠ بەردەوام دەبێت کە تیایدا، سێ ملیۆن و ٣٦٨ ھەزار و ٦٦٦ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا ھەیە.

لیژنەی ناوەندیی ھەڵبژاردنەکان لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا رایگەیاندووە کە پێنج ھەزار و ٩٠٣ سندوقی دەنگدان لە پڕۆسەکەدا بۆ دەنگدەران ئامادە کراون و ئاماژەی بەوەیشداوە کە ژمارەی چاودێران لە پڕۆسەکەدا، گەیشتووەتە ٦٠ ھەزار کەس.

ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی لە بۆسنی و کرواتییەکان لەناو یەکێتیی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا ھەڵدەبژێردرێن، بەڵام ئەندامە سربییەکە لەناو کۆماری سربیا ھەڵدەبژێردرێن.

کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو، ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکانی پرۆسەکە رادەگەیەندرێت.