ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیای بە رووسیاوە پەسەند کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا (باڵای سەروو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا) بە کۆی دەنگ، لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیای بە رووسیاوە پەسەند کرد.

دوێنێ دووشەمە، ئەندامانی ژووری خوارەوەی پەرلەمان (ئەنجوومەنی دوما)، دەنگیان دا لە بەرژەوەندی رێککەوتننامەکانی تایبەت بە لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوھانسک، خێرسۆن و زاپۆرێژییای ئۆکراینا بە رووسیاوە.

پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا بە کۆی دەنگ، لکاندنی چوار ناوچەکەی بە رووسیاوە پەسەند کردووە.

ھەروەھا دوای ئەوەی ھەردوو ژووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا، رێککەوتننامەکان پەسەند دەکەن، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رێککەوتننامەکان واژوو دەکات، بۆ ئەوەی ببێت بە یاسا کە دواتر ژمارەیەک ھەمواری پێویست لە دەستووری رووسیادا دەکرێت و ناوچەکانی ئەو وڵاتە و پرسە پەیوەستدارەکان بە رێکخستنەوەیان دیاریی دەکرێت.

لە ٣٠ی ئەیلوولی رابردوودا، ڤلادیمیر پوتین بەڵگەنامەی لکاندنی ناوچەکانی دۆنێتسک، لوھانسک، خێرسۆن و زاپۆرێژییای ئۆکرانیای بە رووسیاوە واژوو کرد کە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە رەت کرایەوە و ئیدانە کرا.

رووسیا لە میانی ئەو ھێرشە سەربازییەی کە ھێزەکانی لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢وە بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامی دەدەن، ناوچەکانی دۆنێتسک، لوھانسک، خێرسۆن و زاپۆرێژیای کۆنترۆڵکردووە.

ھاوکات ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەھۆی ھێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سزای نوێی ئابووریی، داریی، گواستنەوە و وزەی بەسەر رووسیادا سەپاند.

رووسیا رایگەیاندووە، بەو مەرجەی ئۆکراینا واز لە پلانی بە ئەندامبوونی لە قەوارە سەربازییەکان بھێنێت و پابەند بێت بەبێلایەنیی، کۆتایی بە ھێرشەکەی دەھێنێت کە ئەوەیش ئۆکراینا بە دەستوەردان لە سەروەرییەکەی لەقەڵەمی دەدات.