کاندیدەکەی سەرکۆماری ئێران بۆ پۆستی وەزیری کار متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرت

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

پەرلەمانی ئێران، متمانەی بە محەمەد هادی زاهیدیوەفا نەبەخشی کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی پێشنیازی کردبوو بۆ پۆستی وەزارەتی کار و چاودێریی کۆمەڵایەتیی.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران، زاهیدیوەفا کە رەئیسی کاندیدی کردبوو بۆ وەزیری کار و چاودێری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمان متمانەی بەدەستنەهێنا.

لەو دەنگدانەی کە بۆ زاهیدیوەفا ئەنجامدرا، ٢٧٢ پەرلەمانتار بەشدارییان کرد، لەوانەیش ١٣٦یان بە بەڵێ و ١٢٥یان بە نەخێر دەنگیان دا، نۆ پەرلەمانتار بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا نەکرد و دوو پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.

زاهیدیوەفا کە نەیتوانی دەنگی زۆرینەی رەها کە ١٣٧ دەنگە بەدەستبهێنێت لە ئەنجوومەنەکەدا، ڤیتۆی لەسەر کرا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، باقر قالیباف داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد لە کورترین ماوەدا ناوێکی نوێ بۆ شوێنی زاهیدیوەفا بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە بە وەکالەت دەست نیشان بکات.

حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیک کە وەزیری کار و چاودێری کۆمەڵایەتیی ئێران بوو لە مانگی حوزەیراندا، دەستی لە کار کێشایەوە و محەمەد هادی زاهیدیوەفا بە وەکالەت، وەزارەتەکەی بەڕێوەدەبات.