ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارانی روداوی کوشتنەکەی گەرەکی بەختیاری شاری سلێمانی دەستگیرکران

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، لە دوای ئاگەدارکردنەوەیان لە روداوی کوشتنی ژنێک لە گەرەکی بەختیاری دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- کۆیە توانیویانە تۆمەتبارانی روداوەکە دەستگیربکەن.

دەقی راگەیانراوەکە:

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەمە ( ٢٠٢٢/١٠/٤) ئاگادارکراین لە ڕووداوێکی كوشتنی ژنێک بەناوی ( ناگەهان کمال ئاکارسێڵ ) لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و پاش بەدواداچوونی وورد لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە ژێر ڕێنمایی بەڕێز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- کۆیە توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین و لە ئیستا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە ، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەکەین کە هاوکارمان بوون لە دەست خستنی زانیاری لەسەر تۆمەتباران .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
٢٠٢٢/١٠/٤