دیجیتاڵ میدیای سپێده
رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەمنستی بڵاوی كردوه: پۆلیسی ئێران لە ماوەی یەک هەفتەدا 82 هاووڵاتیی سڤیلی کوشتووە
رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەمنستی تایبەت بە مافی مرۆڤ راگەیێندراوێکی لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانی شارهكانی زاهیدان و هەرێمی سیستان و بەلووچستان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، لەو خۆپێشاندانەدا زیاتر لە 82 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.
دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی نێودەوڵەتیی ئەمنستی رایگەیاند، لە 30ی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا لە زاهیدان، بەلووچستان و سیستان زیاتر لە 60 هاووڵاتیی سڤیل لە لایەن پۆلیسەوە کوژراون. هاوکات ئاماژەشی بەوەکردووە، نزیکەی 16 هاووڵاتیی دیکە بەهۆی قەرەباڵخیی زۆری خۆپێشاندانەکانەوە مردوون.
رێکخراوەکە باس لەوەدەکات، بەڵگەنامەی گیان لەدەستدانەکانی لە چالاکڤان، خێزانی مردووەکان و شایەتحاڵەکان وەرگرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەی بەدەستیان گەشتووە ژمارەی گیان لەدەستدان زیاترە.
رۆژی 30ی ئەیلوولی 2022 کە لەلایەن هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە "هەینی خوێناوی" ناوبراوە، زۆرترین ژمارەی کوژرانی لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تێدا تۆمارکراوە.