دیجیتال میدیای سپێده
وەک ساڵانی پێشوو، یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (ﷺ) لە شاری ھەولێر کرایەوە و تیاییدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بەشداری رێورەسمەکەبوون.
لە بەیانییەکی زووەوە، ژمارهیهكی زۆر ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی، ھەندێکیش بە دەف و ھەڵکردنی دروشمی تایبەت بە لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (ﷺ)، روویان له باخی شار و چوار دەوری قەڵای ھەولێر کرد و لەوێ رێوڕەسمێکی تایبەت بەم یادە رێکخرا.
ھاوکات ئەم بۆنەیە لە مزگەوت، تەکیە و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەدەچێت و لە بەشێکی رێوڕەسمەکەشدا رێبازانی تەریقەتەکان دوای خواردنی شیرینی و پیرۆزبایی و یەکترماچکردن، ئەوا دەست دەکەن بە زیکرکردن و تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن.
ساڵانە لە ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و لە پێشوازی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (ﷺ) لەسەرتاسەری جیھانی ئیسلامی، رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت و لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو رۆژە دەکرێتە پشووی فەرمیی.