ناتۆ ئەو هێرشانەی رووسیای سەرکۆنە کرد کە ئەمڕۆ لە رێگای ئاراستەکردنی مووشەکەوە بۆسەر ژمارەیەک شار ئەنجامی دان لە ئۆکراینا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا دواوە.
ستۆڵتێنبێرگ بە ئاماژەدان بەوەی کە "سەرکۆنەی هێرشە ترسناک و هەڕەمەکییەکانی رووسیا دەکات بۆسەر ژێرخانی مەدەنی ئۆکراینا"، باسی لەوە کردووە کە لە بەرامبەر هێرشەکانی کرملین ناتۆ تا کۆتایی پشتیوانی لە "گەلی بوێری ئۆکراینا" دەکات.
بەیانی ئەمڕۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ڤالێریی زالوژنی رایگەیاند، رووسیا ٧٥ مووشەکی ئاراستە کردووە کە ٤١ مووشەک لەو مووشەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە تێک شکێندراون.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە لە رێگای چەکی هەستیاری بەرزی دوورمەوداوە، هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی وزە، سەربازیی و گەیاندنی ئۆکراینا.