ئاژانسى فرانس پرێس: به‌هۆى كه‌م ئاوى نزیكه‌ى 1200 خێزان له‌باشورى عێراق ئاواره‌بوونه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئاژانسى فرانس پرێس له‌باره‌ى دۆخى كه‌شوهه‌وا له‌عێراق رایگه‌یاندوه‌: به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو له‌و ناوچانه‌ى كشتوكاڵیان تێدا ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌پارێزگاى زیقار له‌باشورى عێراق، له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوو دا نزیكه‌ى هه‌زار و 200 خێزان ئاواره‌ى ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق بوونه‌.

له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوو دا به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى بارانبارین و وشكه‌ ساڵییه‌وه‌، رێژه‌ى ئاوى هه‌ردوو رووبارى دیجله‌ وفۆرات كه‌مبووته‌وه‌ وبه‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كانیش تووشى وشكاوى بۆنه‌ته‌وه‌، كه‌هه‌ر یه‌كه‌ له‌ئێران وتوركیا ئاوێكى زۆریان بۆ به‌نداوه‌كانیان گلداوه‌ته‌وه‌.

عێراق یه‌كێكه‌ له‌و پێنج وڵاتانه‌ى جیهانه‌ كه‌تووشى كاریگه‌رییه‌كانى گۆرانى كه‌شوهه‌وا وكه‌م ئاوى بۆته‌وه‌، وبه‌رپرسانى باڵاى حكومه‌تى عێراق چه‌ندینجار هۆشداریان له‌و باره‌یه‌وه‌ دراوه‌.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى پارێزگاى زیقار بۆ ئاژانسى فرانس پرێس رایگه‌یاندوه‌: نزیكه‌ى هه‌زار و 200 خێزان كه‌كارى كشتوكاڵى وئاژه‌ڵداریان له‌ناوچه‌كانى ئه‌هوار وئاوییه‌كان دا ده‌كرد، به‌هۆى بێ ئاوى وكه‌م بارانییه‌وه‌ ئاواره‌ بونه‌ و روویان له‌ناوچه‌كانى دیكه‌ كردوه‌ وبه‌دواى سه‌رچاوه‌كانى ژیان دا ده‌گه‌ڕێن.

له‌ساڵى 2022 دا عێراق له‌خرابترینى ساڵه‌كانى وشكاویدا بووه‌ كه‌له‌ماوه‌ى 92 ساڵى رابردوو دا هاوشێوه‌ى نه‌بووه‌، وبه‌رپرسانى وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى عێراق رایگه‌یاندوه‌: ئه‌م ساڵ یه‌كێكه‌ له‌خرابترین ساڵه‌كان له‌رووى بێ ئاوى و وشكه‌ ساڵى كه‌له‌ماوه‌ى ساڵى 1930 دا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌.