به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، بریاره‌ سبه‌ى له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایى بكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بریاره‌ سبه‌ى په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنى خۆى ئه‌نجامبدات وتێیدا پۆستى سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایى بكاته‌وه‌ وكۆتایى به‌قه‌یرانى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌نێوان پارتى ویه‌كێتى دا بهێنێت.

له‌ماوه‌ى رابردوو دا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چه‌ندین ده‌ست پێشخه‌رى جیاوازیان پێشكه‌شكردوه‌ وكاتى زۆریشیان به‌یه‌كێتى وپارتى دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدێكى هاوبه‌شیان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار هه‌بێت، و دواى هاتنى هه‌ریه‌كه‌ له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان وكاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هه‌ولێر، هیچ ئه‌نجامێكى ئه‌رێنی به‌دینه‌كراوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانى سه‌رۆك كۆمار، كه‌سه‌رئه‌نجام هاوپه‌یمانى ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت بۆ په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ست نیشانكردن وهه‌ڵبژاردنى یه‌كێك له‌كاندیدان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئیراده‌ى كورد.

عه‌لى فه‌تڵاوى ئه‌ندام له‌هاوپه‌یمانى فه‌تح رایگه‌یاندوه‌: به‌رده‌وامى پارتى ویه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌، ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى ئیداره‌ى ده‌وڵه‌ت له‌م هه‌فته‌یه‌ دا ئه‌م پرسه‌ له‌په‌رله‌مان یه‌كلایى بكاته‌وه‌ ویه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت.

وئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كورد كراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى دانیشتنێكى په‌رله‌مان له‌باره‌ى تێپه‌راندنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار.

محمد سه‌یهۆد ئه‌ندام له‌هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساش رایگه‌یاندوه‌: پارتى كاتێكى زیاترى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بگاته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام سیناریۆیى نزیك ئه‌وه‌ى هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ به‌كاندیدانى خۆیانه‌وه‌ به‌شدارى له‌دانیشتنى په‌رله‌مان بكه‌ن ویه‌كێكیان به‌ده‌نگى په‌رله‌مانتاران بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌ست نیشان بكرێت وجه‌ختیشى كرده‌وه‌: كه‌چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى زیاتر له‌ 220 ئه‌ندامیان هه‌یه‌ له‌په‌رله‌مان وده‌توانن دانیشتنی تێپه‌راندنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار سبه‌ى رۆژى چوار شه‌ممه‌ ئه‌نجام بده‌ن.