یەكگرتووی ئیسلامیی پشتگیری لە پرۆژەیاسای دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكان دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ چوار شەممە 12-10-2022، لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، بەڕێزان م. مصگفی عبدالله و م.ناسك توفیق كارگێرانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازیانكرد لە نوێنەری قوتابیانی ناڕازی لە زانكۆكانی (سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و كۆیەوەو چەرمۆ) و گوێیان لەكێشەو داواكارییەكانیان گرت.

لەو بارەیەوە بەڕێزان م. مصگفی عبدالله كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕاگەیاند: مەبەست لە سەردانی نوێنەرانی قوتابیانی زانكۆ، داواكردنی پشتگیری پرۆژەیاسای دەرماڵەی قوتابیان بوو كە پرۆژە یاسایەكیان ئامادە كردوە بۆ ئەوەی دەرماڵەی قوتابیان بە یاسایی بدرێت و ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پشتگیری تەواوی داواكاری قوتابیان دەكەین بە جێبەجێكردنی ڕێكارە یاسایی و مەدەنیەكان.

جێگەی باسە، پێشتریش چەندینجار، قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكان لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێدانی دەرماڵە گردبونەوەو خۆپیشاندانیان ئەنجام داوەو دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیارێكی لەو بارەیەوە دەركرد، بەڵام بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو لە ئاست داواكاری قوتابیاندا نەبووە، فراكسیۆنی یەكگرتووش لە پەرلەمانی كوردستان داوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانی قوتابیانی كردبوو.