ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستی پێ کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە عێراق دەستی پێ کرد.

پێشتر وەزیری پەروەدەی عێراق، عەلی دلێمی رایگەیاندبوو کە رۆژی چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات.

عەلی دلێمی ھەروەھا داوای لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و سەرجەم دەستەکانی پەروەردە و فێرکردن کردبوو، کەرنەڤاڵێکی پەروەردەیی ساز بکەن کە تیایدا پێشوازی لە قوتابییان بکەن.

ھاوکات وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، زیاتر لە ١٢ میلۆن قوتابی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار قوتابی قۆناغی سەرەتایی روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کردووە.

وەزارەتی پەروەردە داوایشی لە کۆمەڵگای عێراق و سەرجەم دامەزراوەکان، ھەروەھا دایک و باوکانی قوتابییان کرد کە رۆڵی نیشتمانیی خۆیان بگێڕن و ھاوکاربن لەگەڵ وەزارەتی پەروەدە لە رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و رێکخستنی دەوامی قوتابییان لە قوتابخانە و پاراستنی پێگەی مامۆستایان.